بەرخۆدان ژیانە خۆژیاننامەی کامیل ئەحمەدی_چاپخانەی ئاڤای بووف

بەرخۆدان ژیانە
خۆژیاننامەی کامیل ئەحمەدی
خۆژیاننامەی کامیل ئەحمەدی
وەشانخانەی ئاڤای بووف: ٢٠٢٥
شابەک: 978-87-94295-84-0
ئەم کتێبە خۆژیاننامەی کامیل ئەحمەدی، توێژەر و خەڵکناسە، کە لە ئاکامی سێ ساڵ پێداچوونەوە و شیکردنەوەی یادەوەرییە کۆن و تازەکانیدا نووسراوه، تاکوو بە ڕوانگەیەکی خەڵکناسانە و زمانێکی پاراو و هاودڵانە ئەزموونی ژیاوی خۆی بۆ بەردەنگ و خوێنەرانی خۆی باس بکات.
“بەرخۆدان ژیانە” بەرهەمێکی هەزار و دوسه د لاپەڕەییە و لە 7 وەرز پێک هاتووە، کە لە هەر وەرزێکیدا قۆناغێک لە ژیانی نووسەر هەڵدەدرێتەوه و بەسەرهات و یادەوەرییە تاڵ و شیرینەکانی ئەو قۆناغەی دەگێڕێتەوە. سەردێڕی وەرزەکانی ئەم ژیاننامە پڕ له بەسەرهات و سەرنجڕاکێشە بریتین لە: خەباتی بێوچان بۆ ژیان، ساڵانی ئینقلاب و جەنگ و ئاوارەیی، کەشتیی ئاڵۆزی مێرمنداڵی، ئێرە ئەورووپایە، گەڕانەوە (بۆ ئێران)، ئێره زیندانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، لە مەزلەمەی قازیی سەڵەواتی تا ماڵاواییەکی جەرگبڕ.
پێداگری لەسەر وردەکارییەکان، ڕوانگەی ڕەخنەگرانە، بڕیاری دادپەروەرانە و ئاراستەی خەڵکناسانە سەبارەت بە ڕووداو و مرۆڤ و ڕەوتەکان، چوارچێوێکە کە نووسەر لە گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانیدا هەوڵی داوە پێیانەوە پابەند بێت. لەم ڕووەوە، ئەم خۆژیاننامە دەچێته ڕیزی گێڕانەوە و بیرەوەریی ڕەخنەیی.
تێکەڵکردنی بەسەرهاتی کەسی و تایبەتی لەگەڵ ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییە گرنگەکان و خستنە ڕووی گێڕانەوەیەکی ڕەخنەگرانه لەو بەسەرهاتانه، بایەخێکی فرەڕەهەندی بە ناوەڕۆک و بیرەوەرییەکانی ئەم کتێبە بەخشیوە. هاوکاتبوونی تافی منداڵیی نووسەر لەگەڵ ڕووداوەکانی دەستپێکی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران له ساڵی ١٩٧٩ و شەڕی ئێران و عێراق و لێکەوتەکانی لە یەکێک لە ناوچە هەرەهەستیار و پڕ ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، واتە شاری نەغەدە و گێڕانەوەی ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە، یەکێک له خاڵه جێی سرنجەکانی ئەم ژیاننامەیەیە. ئەم بەشه له ڕوانگەیەکی جیاواز و نوێوه هەوڵی داوە کە مێژووی ڕووداوەکانی ئەو قۆناغه بەتایبەت چالاکی و پەیوەندیی حیزبه کوردستانییەکان و ڕووداوه زۆر گرنگ و کاریگەرەکانی شەڕی ناوخۆی نەغەده و لێکەوته ڕووخێنەرەکانی پیشان بدا و بە گشتی کورتەمێژوویێکی بەڵگەمەند له سەر مێژووی سیاسیی ناوچەی موکریان له هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی بیستەمی زایینی (دەیەی 1360-1370ی هەتاوی) بخاتە ڕوو.
گۆڕانی وردە وردەی کۆمەڵگای کوردی بەتایبەتی و کۆمەڵگای ئێران بە گشتی، لە ڕاگوزەری کایه و پێوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابووری و نەریتییەکان و هەروەها ئەزموونکردنی فۆرمەکانی نوێی ژیانی شاری و تێڕامانێکی ڕەخنەگرانە بۆ داب و نەریتی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئەو کاریگەری و ڕۆڵەی کە لە بیچمگرتنی کەسایەتیی تاکەکاندا بوویانە، لەو تایبەتمەندییە ناوازانەن که لەم کتێبەدا دەبینرێ و زۆرێک لە ژن و پیاوانی ئەم خاکە لەگەڵ ئەم چیرۆکە ئاشنان.
سەفەر و کۆچ و گەشتکردن و ژیانی نووسەر لە ناو کۆمەڵگە جیاوازەکاندا، سەرباری هەموو سەختی و دەرفەتەکانی، ئەزموونێکی دیکەیه کە چیرۆکی شیاوی بیستن و ئامۆژەی بەسوود پێشکەش بە خوێنەران دەکات. تا ئەو ڕادەیەی کە هەندێک جار وا دەزانرێ کە نووسەر نیازی وایە جۆش و خرۆشی گەشتکردن و ئەزموونکردنی جیهانە نوێکان بە هەموو مەترسییە ئەگەرییەکانیەوە له خوێنەردا ببزوێنێت.
کامیل ئەحمەدی بەهۆی بواری خوێندن و پێشینەی توێژەرییەوه، زیاتر وەک خەڵکناسێکی کۆمەڵایەتی ناسراوە و هیچ چالاکییەکی سیاسیی فەرمی و پیشەیی نەبووە، بەڵام لەبەر ئەو ئەزموونە سیاسییانەی که لە ئەنجامی ئاشنایەتیی نزیک لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان و پێوەندییەکانی لەگەڵ بزووتنەوە جیاوازەکان و هەروەها ئەزموونی کارکردن و ژیانی لە پارچەکانی کوردستاندا هەیبووە، وای کردووه که تێبینی، گێڕانەوە، ڕەخنە، پێشنیار و تێڕوانینە شیکارانەکانی بۆ پرسی کورد، گرنگییەکی تایبەتی هەبێت. تەنانەت هەندێک لە بیرەوەرییەکانیشی لەم بوارانەدا بە سەرچاوە دادەنرێت.
گەڕانەوە بۆ ئێران وەک خەڵکناسێکی کۆمەڵایەتی و ئەنجامدانی چەندین لێکۆڵینەوەی مەیدانی لەسەر کەمینەکان و گرووپە خەسارهەڵگر و بێبەشەکان، کە بەشێکی زۆریان ڕەگیان لە ئەزموونی کەسی و بنەماڵەیی نووسەردا هەیه و لە نێویاندا دەتوانین ئاماژه به ئەزموونی ئازاری سێکسی لە جوگرافیای ژیاویدا بکەین، خاڵێکی گرنگی دیکەی ژیانیەتی.
ئەو پرۆژانەی که ئەم نووسەر و توێژەرە له بواری لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی – مەیدانی لە ئێراندا بە جەختکردنەوە لە سەر بابەتەکانی وەک: کاری منداڵان، خەتەنەکردنی کچان و ژنان، منداڵهاوسەری، سیغه، هاوسەرگیریی سپی، ڕەگەزێتی، شوناس و ئێتنیک، ئێلجیبیتی، منداڵانی کار، خەتەنەکردنی پیاوان، دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان، توندوتیژی دژی پیاوان و زبڵگەڕیی منداڵان ئەنجامی داوە، زۆریان توێژینەوەی داهێنەرانه بوون و تەنانەت حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی وەک بیدعە لێیانی دەڕوانی. ئەو بیدعانەی کە لە کۆتاییدا بوونە هۆی ئەوەی کە کامیل ئەحمەدی لەلایەن ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستگیر بکرێ و لە بەندی تاکەکەسی لە زیندانی ئێڤین بکەوێتە زیندان و دواجار قازی سەڵەواتی حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا بسەپێنێت و بیخاتە دووڕیانی سەختی هەڵبژاردنی دە ساڵ زیندان یان جێهێشتنی وەتەن.
زنجیرە ڕووداوەکانی دواپەردەی ئەم بیرەوەرییە، لە ئەنجامدا کارێکی وای کرد کە کامیل ئەحمەدی جارێکی دیکە ناچار ببێ زێد و ژیانی خۆی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی سەیر بەجێ بهێڵێت. لە شەوێکی سارد و زستانیدا، لە ڕێگای کوێستانی قەندیلەوە، بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ بەریتانیا، ڕێگای هەرێمی کوردستانی گرتە بەر. گەشتێک کە هێشتا له ناو ئەم کتێبەدا دڵەڕاوکێ و ترسەکانی هەستی پێ دەکرێت.
کامیل ئەحمەدی نووسەر، خەڵکناس و توێژەری خەسارە کۆمەڵایەتییەکان، ئێستا لە سەرەتای تەمەنی پەنجا ساڵیدایه و لەم بەرهەمەدا هەموو ئەو ڕووداوانەی که بەسەری هاتووه بۆ ئێمەی باس کردووە.
ئێستا وەشانی PDF ی بێبەرامبەری ئەم کتێبە بە زمانی فارسی و کوردی لە ماڵپەڕی تایبەتیی کامیل ئەحمەدی و ماڵپەڕی چاپخانەی ئاڤای بووف بەردەستە. دەتوانن بە سەردانی ئەم دوو سایتە ئەم کتێبه داببەزێنن و بیخوێننەوە. بەم زووانە وەشانی PDF و چاپکراوی ئەم بەرهەمە بە زمانی ئینگلیزیش دەکەوێته بەردەست خوێنەران و هۆگران.
دانلود فایل PDF:
دانلود فرمت صوتی: دانلود فرمت صوتی:
لینک کتاب در گوگل پلی:
لینک کتاب در گوگل بوک:
لینک سایت شخصی نویسنده
لینک آرشیو کتابها
